تاریخشخصیت ها

دکتور خوڕڕەمدڵ؛ وەرگێڕێکی شێلگیر و فێرکارێکی کۆڵنەدەر

دکتور ئەحمەد ئەحمەدیان

تواناترین و لێهاتووترین و زاناترین وەرگێڕەکانی کوردی سەردەم، لە زمانی عەڕەبی ڕا بۆ فارسی، بریتین لە: عەللامە ئەحمەد تورجانی‌زادە، عەللامە بورهانەددین حەمدی، مامۆستا هەژار، دکتور ئەحمەد نیعمەتی و….؛ هەروەها نوێخوازترین/ داهێنەرترین وەرگێڕەکانی کورد لە زمانی عەڕبی ڕا بۆ فارسی(لە بواری بیر و ئەندێشە و مێژوو )، بریتین لە: مامۆستا ئەحمەد حەواری نەسەب، سەید عەدنان فەللاحی، زاهید وەیسی و ….؛ ئینجا پڕئاسەوارترین و شێلگیرترین وەرگێڕەکانی کوردیش لەو بوارەدا(وەرگێڕانی عەڕبی _فارسی) بریتین لە: دکتور مستەفا خوڕڕەم‌دڵ، مامۆستا عەبدولعەزیز سەلیمی، دکتور مەحموود ئیبڕاهیمی و….، کە لەنێوان ئەو سێ کەسایەتییەی دوایی‌دا(کە هەر سێکیان جێی ڕێزی تایبەتن )، دکتور خۆڕڕەمدڵ لە هەموویان ناودارتر و سەرکەوتووتر و شێلگیرتربووە.

تایبـەتمەندییەکی تری دکتور خوڕڕەمدڵ لە بەراورد لەگەڵ ئەو دوو کەسایەتییەی تر ئەوەیە کە زۆرترین ئاسەواری لە بواری وەرگێڕانی مژارگەلی پێوەندی‌‌دار بە قوڕئانی پیرۆز بەرهەم هێناوە. جیا لەوە هەر ئەوە توانیویەتی بە زمانی کوردیش وەرگێڕانێک(وەرگێڕانی هاوڕێ لەگەڵ کورتە لێکدانەوە) لە قورئان بەرهەم بهێێت و پێشکەش بەکۆمەڵگای کوردەواری بکات(هەرچەند لە ڕوانگەی خاوەنڕایانی زمانزانەوە ئەو ئاسەوارە لە باری زمان و شێوازی نووسینی کوردییەوە گەلێک تێبینی و لێکدانەوە و ڕوونکردنەوە هەڵدەگرێ.) هەروەها هەر ئەوە توانیویەتی لە پێناو گردەوکۆیی گوڵبژێرێکی تەفسیریی لەبواری ڕاڤەی قوڕئان بە زمانی عەڕەبی حەول بدا و سەرکەوێ. هەر وەها هەر ئەوبووە لە نێو ئەو سێ کەسایەتییە پڕشوێنەوارە کە توانی وەرگێڕانێکی تەواو لە تەفسیرێکی ناوداری قورئان وەک”فی ظلال القرآن” بە دەستەوە بدا.(هەرچەند لە لایەن وەرگێڕی هەرەناوداری سوننی ئێرانی و ورەگێڕی خاوەن‌شێوازی تەفسیری “کشّافِ زمخشری”، مامۆستا مەسعوود ئەنساری، هەڵسەنگاندنێکی بە تێبینییەوەی بۆ کراوە).

ئەوەشمان لەبیرنەچێ کە بە بڕوای هێندێک نەرینی ترادیشنالیست و نەریتخوازانەی ئەو و کردەوەی ئەو پتر لە”معالم فی الطریق”ـی سەید نزیکایەتی هەبوو تا لە ئاسەواری تری سەید قوتب کە دەکرێ ئەو بۆچوونە وابێ یان وانەبێ. واللە اعلم(من خۆم پێم وانییە ئەو ڕاوبۆچوونە وابێت.)

بەڵام ناودارترین ئاسەواری دکتور خوڕڕەم‌دڵ واتە وەرگێڕانی هاوڕێ لەگەڵ کورتە لێکدانەوەیەکی بەپێز لە قورئانی پیرۆز، ناسراو به “تفسیر نور” [=ترجمەی تفسیریِ قرآن] ڕەنگدانەوە و پێشوازییەکی بەربڵاوی لێکرا لە لایەن کۆمەڵگای سوننی یەوە ـــ بە تایبەت بە دوای ڕەخنەی بە پێز و بەهێزی مامۆستای قورئانناسی ناسراوی کوردی بیجاڕی، مامۆستا محەممەدعەلی کووشا، کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو ڕەخنانە لە لایەن دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بەهێندگیران و لە چاپی چوارەم ڕا چاککران و گۆڕدران و هەڵەچنی و پێداچوونەوەی سەرلەنوێی بۆ کرا. (کە ئەوەش خۆی لە خۆی دا نیشاندەری ئەوەیە کە دوکتۆر خوڕڕەمدڵ باوەڕ و بڕوایەکی قووڵی بە ڕەخنە و دەور و شوێنی ڕەخنەی پسپۆڕانەوە هەبووە.)

دوکتۆر خوڕڕەمدڵ لە باری بیر و ئەندێشەوە پتر نەریتخواز و ترادیشنالیست بوو، بەڵام زانایان و مامۆستایانی ئایینی ڕووناکبیر و نوێخوازی گەلەکەی زۆر خۆش‌دەویست و لە گەڵ بەشێکی زۆریان پێوەندی نزیکی هەبوو. لە گەڵ مامۆستای ناودار و ڕووناکبیری بیریار، عەللامە مەلا عەبدولکەریمی شاریکەندی پێوەندی و هاتووچۆی نزیکی هەبوو و تەنانەت لە ڕا و بۆچوون و تەگبیری ئەو کەسایەتییە بۆ نووسینی ڕیسالە و تێزی دکتۆراکەی کەڵکی بەجێ و پێویستی وەرگرت کە هێما و نیشانەی گرینگی دان بە ڕا و تەگبیر لە لایەن ئەو کەسایەتییە بووە کە بەکردەوە وەدوای ڕاسپاردەی ئایەی “وَام٘رُهُم٘ شُوری بَینَهُم” کەوتووە هەروها لەگەڵ عەللامە ئەحمەدیان دۆستایەتییەکی نزیکیان هەبوو و تەنانەت خۆی بە قوتابی و موریدی عەللامە ئەحمەدیان دەزانی_ ئەوەش هێمای گەورەیی ڕۆحی و دەروون‌بەرزی و خاکەڕایی و شکۆی ئەخلاقی ئەو کەسایەتییە بوو، چونکە عەللامە ئەحمەدیان هەروەک هاوڕێ و دۆستێکی زانای خۆی دەیڕوانییە کەسایەتیی دکتور خوڕڕەمدڵ و پێی وابوو لە زۆرێک لە مامۆستایانی ئایینی باژێڕودەڤەر، کە ئەو کات لە ژیان دابوون، لە مانای قوڕئان بەڵەدتر بووە _ زۆرجار کە عەللامە ئەحمەدیان بە بۆنەی نووسینی ژیاننامەی کەسایەتییەی مێژووییەکانی کورد لە بیچم و شێوازی سەفەرنامەیەکی کەلتووریئەدەبی مێژوویی دەچوو بۆ سەر مەزار وگڵکۆی زانایەکی ئایینی بلیمەت و هەڵکەوتەی کورد، دکتور خوڕڕەمدڵ بە ئەوپەڕی خاکەڕایی و گەورەیی‌نواندنەوە ئەرکی لێخوڕی بە ئەستۆ دەگرت و بە ئەوپەڕی دەروون‌بەرزی و شکۆی ڕۆحییەوە بەخۆی و بە سەیارەکەیەوە هاوڕێی زۆرینەی ئەو سەفەرنامانە بوون کە لە کتێبی “خەزێنە”ـی عەللامە ئەحمەدیان دا ڕەنگدانەوەی ئەو هاوڕێیەتییە تەواودیار و بەرچاوە.

کاتێک لە سەرەتای هەشتاکان دا عەللامە ئەحمەدیان لێبڕا تەفسیرێکی بەربڵاوی قوڕئان بە شێوازێکی سەردەمیانە[=تفسیرِ عصری] و جیاواز و گشتگیر بە زمانی کوردی بنووسێت، دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بە مشوورخۆری و پەیجۆرییەکی زۆرەوە ، زۆرێک لە تەفسیرە عەڕەبییە ناوازەکانی قوڕئان کە عەللامە ئەحمەدیان دەیناسین و ئاگاداریان بوو ، بۆ وێنە تەفسیری”التحریر و التنویر”لە دانانی عەللامە دوکتۆر تاهیر ئیبنی عاشووری توونسی( =بیرمەند و چاکخواز و ڕێفۆڕمیستی توونسی و ڕاڤەکەری نوێخواز و داهێنەری قوڕئان)بۆی پەیدا دەکرد و وەدەستی دەخست و ڕادەستی ئەوی دەکرد_ هەر ئەو تەفسیرە/تەفسیرانەی کە بە هۆی نوێبوون و نەناسراویی و دەست‌پێ‌ڕانەگەیشتن ، لە کوردەواری دا زۆربەی مامۆستاکانی کورد ناوی نووسەرەکە/ نووسەرەکانیان و ناوی تەفسیرەکە/تەفسیرەکانیان نەبیستبوون _ هەر چەند لە کۆتایی دا عەللامە ئەحمەدیان پێشنیاری شێلگیرانە و دڵسۆزانەی دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بۆ نووسینی تەفسیرەکەی بە زمانی فارسی (بە هۆی تیڕاژی زۆرەوە و بەربڵاوی خوێنەر و بەردەنگەوە)، وەرنەگرت و تەفسیرەکەی بە زمانی کوردی نووسی .

دکتور خوڕڕەمدڵ بەڕاستی وەرگێڕێکی شێلگیری “قوڕئان” بوو و ئەوە ڕاستەقینەیەکی حاشاهەڵنەگرە. هەروەها دوکتۆر خوڕڕەمدڵ فێرکارێکی کۆڵنەدەری “نەریت” بوو ؛ هەر وەک مامۆستای ئایینناس و لێکۆڵەری بواری ئەندێشە و ئایین مامۆستا ناسر عەلیار و هەروەها دوکتۆر سەلاح خەدیو و دوکتۆر ئیسماعیل شەمس، مێژوونووس و مێژووناسی کورد،_ هەر سێکیان_ “دوکتۆر خوڕرەمدڵ” ـیان لە بەرەی” نەریتخوازان” پێناسە کردووە(لەو کورتە وتار و بۆچوونەی ئەو ڕۆژانەیان دا) .

من خۆم نزیکەی 10 ساڵ لە زانستگای ئازادی ئیسلامیی مەهاباد، وەک مامۆستای دەرسوێژ، هاوکاری دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بووم و ئەو تایبەتمەندییانەیم لە نزیکەوە هەست پێ کردووە و دیومه :

  1. زۆر کاتناس بوو و تەنانەت چرکەیەک درەنگتر نەدەچوو بۆ پۆلەکان و چرکەیەکیش زووتر نەدەهاتە دەر لە پۆلەکان و تەواوی کاتی خۆیشی لە پۆلەکان تەرخان دەکرد بۆ وانەوتنەوەی بە ئیخلاس و ئەمانەت و ئەخلاقەوە؛
  2. زۆربەی خوێندکارەکان زۆریان خۆش دەویست و تاقمێکیان وەک باوکی خۆیان سەیریان دەکرد و ڕێزێکی ئێجگار زۆریان بۆ دادەنا ؛

3 . بۆ زاناتر لە خۆی ئیحتڕام و ڕێزێکی زۆر تایبەتی دادەنا ؛ بۆ وێنە بۆ ڕێزدار مامۆستا مەلا کەماڵ موددەڕیسی کە مەلای 12 عیلمە و لە چلەکاندا لە زانستگای تاران ماستەری زمان و ئەدەبیاتی عەڕەبی خوێندبوو و وەرگێڕانێکی بەپێز و بەهێزی هاوڕێ لەگەڵ لێکدانەوەی لە “سبعە معلقە” چاپ و بڵاوکردووەتەوە لە ژێرناوی”شرح معلقات دهگانە” و 2 جار چاپ بووتەوە و پتر لە 20 ساڵیش مامۆستای زانستگای ئازادی مەهاباد بوو و هاوکات مامۆستای دین و ئایین و زانست و ئەخلاق بوو و گەلێکیش نیشتمان‌پەروەر و دەروون‌بەرز و شوناسخواز بوو و لە دڵی خوێندکارانی دا ئێجگار زۆر خۆشەویست بوو . دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بەردەوام بە “مامۆستا” ناوی دەبرد و و یەکجێ و یەکپێ لەبەرێ هەڵدەستا و قەت قەت وەپێشی نەدەکەوت و بە ڕێزێکی ئێجگار زۆرەوە دەیڕوانییە کەسایەتی ئەو مامۆستایە ، هەر چەند لە باری تەمەنەوە 2 ساڵ لە دوکتۆر خوڕڕەمدڵ بچووکتر بوو ؛

  1. هیچ ئارا و ئۆگرییەکی لەگەڵ وتار و “مقالە” و ڕۆژنامە و گۆڤار و ژۆڕناڵ نەبوو (چ وتاری ڕۆژنامەوانی و ڕووناکبیری و کەلتووری و .. . و چ وتاری ئاکادێمیک و “زانستی لێکۆڵینەوەیی”[=علمیپژوهشی] ) ؛ هەر بۆیەش تا کۆتایی ژیانی پلەی ئاکادێمیکییەکەی هەر “استادیار”[=مامۆستای یاریدەدەر] مایەوە و بە پلەکانی سەرووتری ئاکادێمیک نەگەیشت . هەڵبەت پاساو و هۆکاری ئەم دیاردەیە له زمان خۆیەوە (کە لە وڵامی پرسیاری من لەو پێوەندییە دا کە هەر ئەوکات لێم پرسی، دایەوە و من لە زمان خۆیم بیست ) ئەوە بوو کە :”خزمەت بە قوڕئان و وەرگێڕان لە بواری قوڕئان و ڕاڤەی قوڕئان و ئەم بابەت گەلەم زۆر پێ بایەخدارتر و گرینگترە تا نووسینی وتاری ڕۆژنامەوانی و بابەتی ڕووناکبیری و کەلتووری لە گۆڤارەکان دا و هەروەها گەیشتن بەو پلە و پایە ئاکادێمیکیانە !”. لە کۆتایی دا لە دەرگانەی خوای خاوەن بەزەیی و دڵۆڤان و ڕەحمبەر داواکارم ڕۆحی دکتور خوڕڕەمدڵ لە بەهەشتی شکۆداری خۆی دا و له “خانەباغ”ـەکانی بەهەشت دا بحاوێنێتەوە و بلاوێنێتەوە و بحەسێنێتەوە و لە گوناه و تاوان جەبەی کات و سەرجەم ئاسەوارەکانی، بەتایبەت ئاسەوارەکانی لە بواری مانا و واتای قوڕئانی پیرۆز، وەک “باقیات الصالحات” بەرەوپیری بنێرێت و بارتەقای ئەو شێلگیرییەی لە بواری وەرگێڕان و ماناکردنەوەی “قوڕئان” ، لە لای چاکان و پاکان بیحاوێنێتەوە . ئینشاڵڵا . ئامین
نمایش بیشتر

احمد احمدیان

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - مهاباد @ شغل : دبیر آموزش و پرورش

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا